١ ئەیلوول ٢٠١٦ - ١٣:٢٦
پۆلیسی ئەڵمانیا: نزیکەی 9 هەزار منداڵی پەنابەر بێسەروشوێنن

پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، نزیکەی 9 هەزار منداڵی پەنابەر لەو وڵاتە بێسەروشوێنن، ئەو پرسەش بوەتە جێی نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتە و دەڵێن، ئەگەری هەیە کەوتبنە دەست ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن.

بەڕێوەبەڕایەتیی بەدواداچوونی پۆلیسی ئەڵمانیا (بۆندس کریمین ئەلامت BKA)، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە: "بەرپرسانی ئەڵمانیا هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی 8 هەزار و 991 منداڵی پەنابەر لەو وڵاتە نییە، ئەگەری هەیە کەوتبنە دەست قاچاغچییانی مرۆڤەوە".

 بە گوتەی پۆلیسی ئەڵمانیا، لەو ژمارەیە 867یان تەمەنیان لە 13 ساڵ کەمترە و ئەوانی دیکەش تەمەنیان لە نێوان 14 بۆ 17 ساڵی دایە.

 بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، پۆلیسی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە کە لە سەرەتایی ساڵی 2016وە ژمارەی منداڵانی بێ سەر و شوێن لەو وڵاتە دوو هێند بووە.

 گرووپێکی ناسراو بە فریاکەوتنی منداڵان (Save the Children) دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارە، نیگەرانی خۆی لە چارەنووسی ئەو منداڵانە دەربڕێوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە چەند هەفتە لەمەوبەر گرووپی (Save the Children) ڕایگەیاند: "چەندین بەڵگەیان دەست کەوتووە کە ڕوونی دەکاتەوە بەشێک لە منداڵانی پەنابەر لە ئیتالیا کاری زۆرملێیان پێ دەکرێت".

پۆلیسی بەدواداچوونی ئەلمانیا ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "زیاتر لە 1.1 ملیۆن پەنابەر لە ساڵی 2016 ڕوویان کردووەتە ئەڵمانیا، ئەمەش کاری تۆمار و چاودێری وردی بە سەر ئەو پەنابەرانەی ئەستەم کردووە"...

کۆتایی کورتە نامە/310